جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراو لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج

٢٩ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢١:٤٣

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی محەممەد کەرەمی‌زادە و ئیسماعیل جەوادی لە بەندیخانەیی قزڵحیسار جێبەجێ کرا. ئەم دوو بەندکراوە بە دۆسیەی جیا بەتۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست مەحکووم کرابوون.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی دووشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی ئەم دوو بەندکراوە بە ناوەکانی محەممەد کەرەمی‌زادە تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی کۆیەشت و هەروەها ئیسماعیل جەوادی لە بەندیخانەی قزڵحیسار جێبەجێ کرا.

محەممەد کەرەمی‌زادە، لە کاتێکدا سزای لەسێدارەدانی بە هۆی تۆمەتی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هەڵوەشابوویەوە، لە چاوپێکەوتنێکی شەرعیدا لە بەندیخانە هاوسەرەکەی کوشت و بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو. ناوبراو لە ساڵی ٢٧١٤ بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان بە سزای سێدارە مەحکووم کرابوو و لە ساڵی ٢٧٢١ سزاکەی هەڵوەشایەوە و بە ٣٠ ساڵ بەندکران گۆڕدرا.

هەروەها ئیسماعیل جەوادی، پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست بە هۆی کێشەی نامووسی دەستبەسەر و دواتر بە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە