جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراو لە بەندیخانەی زەنجان

٣٠ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٢:٤٦

هەنگاو؛ سێشەممە ٣٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد و تورک بە ناوەکانی مەهەدی پیری و مەزاهیر عەیوەزی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی زەنجان جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی مەهدی پیری تەمەن ٣١ ساڵ و مەزاهیر عەیوەزی تەمەن ٣٥ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی زەنجان جێبەجێ کرا.

مەهدی پیری هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری شیروان سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور دوو ساڵ پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و مەزاهیر عەیوەزی هاووڵاتیی تورکی خەڵکی زەنجان لە سێ ساڵ پێشترەوە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو دوو بەندکراوە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە