جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراو لە بەندیخانەکانی مەلایەر، ئەراک و زەنجان

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی سێ بەندکراو کە یەکێک لەوانه بەندکراوێکی کورده بە ناوی مستەفا حاجی بابایی، مراد ڕەزایی و عەلی ڕەزایی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنی بە ئەنقەست تۆمەتبار کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو ،لە بەندیخانەکانی مەلایەر، ئەراک و زەنجان جێبەجێ کران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ ( ١٠ی ژوئەنی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی میرزا مراد ڕەزایی، بەندکراوی خەڵکی کۆیەشت بە تۆمەتی پەیوەندیدار لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندی زەنجان جێبەجێ کرا.
لە لایەکی دیکەوە و لە هەمان ڕۆژدا، سزای سێدارەی عەلی ڕەزایی،خێزاندار و باوکی کچێکی و دانیشتووی شاری خەنداب سەر بە پارێزگای مەرکەزی لە بەندیخانەی ئەراک جێبەجی کرا. ئەم بەندکراوە شەش ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی دوشەممە ١٩ی جۆزەردان (٩ی ژوئەن)سزای سێدارەی مستەفا حاجی بابایی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو لە بەندیخانەی ناوەندی مەلایەر جێبەجێ کرا.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لە سێدارەدرانی ئەم سێ بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەتی میدیاکانی پەیوەندیدار بە دەزگای دادوەرییەوە ڕانەگەیێندراوە.