ڕاپۆرتێک سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی چوار بەندکراو لە بەندیخانەکانی چابەهار، قووچان، گۆناباد و ئەسفەراین
هەنگاو؛ هەینی ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
سزای سێدارەدانی چوار بەندکراو لەوانە دوو بەندکراوی کورد و بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان بە ناوەکانی مەجید نازەران، ستار زاهیدیفەر و ئەسفەندیار ڕەزاقی و هاووڵاتییەکی ئەفغانستان کە ناسنامەی لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، کە پێشتر بە تۆمەتەکانی کوشتنی ئەنقەست و پێوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە گرتووخانەکانی چابەهار، قووچان، گۆناباد و ئەسفەراین جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان کە ناسنامەی لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، لە بەندیخانەی چابەهار لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
لە لایەکی دیکەوە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٩ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی تورک بە ناوی مەجید نازەران، خەڵکی قووچان سەر بە خووراسانی ڕەزەوی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتن سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قووچان جێبەجێ کرا.
لە هەمان پێوەندیدا بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی ستار زاهیدی فەر و ئەسفەندیار ڕەزاقی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئەسفەرایەن سەر بە خووراسانی باکوور لە گرتووخانەکانی گۆناباد و ئەسفەراین جێبەجێ کرا. ستار زاهیدیفەر پێشتر بە تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان و ئەسفەندیار ڕەزاقی یش پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، لە میدیا حوکوومییەکان بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دەسەڵاتی دادوەریەوە ڕانەگەیەندراوە.