ڕاپۆرتێک لە سەر جێبەجێکردنی سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئیلام و ئیسفەراین

٢١ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ١٢:٢١

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥

سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی داریووش ئەمینی، سامان مورادی و حامید یاری، کە پێشتر بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنی بە ئەنقەست بە سەریاندا سەپابوو ، لە بەندیخانەکانی ئیلام و ئیسفەراین جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی داریووش ئەمینی، بەندکراوی خەڵکی دێلۆڕان و سامان مورادی خەڵکی ئیلام، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، داریووش ئەمینی پێنج ساڵ لەمەوبەر و سامان مورادی لە دوو ساڵی ڕابڕدووەوە بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.

لەلایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، حوکمی سێدارەی حامید یاری، کە پێشتر بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەراین سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور جێبەجێ کرا.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم سێ بەندکراوە لە ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دەسەڵاتی دادوەرییەوە، بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە