دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی زارا ئیسماعیلی، هونەرمەندی دانیشتووی کەرەج

١٣ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٠:٤١

هەنگاو؛ شەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

زارا ئیسماعیلی، هونەرمەند و گۆرانیبێژی دانیشتووی کەرەج کە لەم دواییانەدا هەندێک لە ڤیدیۆی گۆرانییەکانی لەسەر شەقامەکان بەبێ ڕەچاوکردنی حیجابی زۆرەملێ بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاو کرابووەوە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٥ی جولای ٢٠٢٤)، زارا ئیسماعیلی، هونەرمەند و گۆرانیبێژی لاوی دانیشتووی کەرەج لە ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نەبووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە: "هەوڵی بنەماڵەی زارا بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی تا ئێستا بەبێ ئاکام ماوەتەوە."

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتن و هەروەها هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هونەرمەندە لاوە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

شایەنی باسە کە زارا ئیسماعیلی بە گۆرانی گوتنەوەکانی لەسەر شەقامەکان و تەنانەت لە شوێنە گشتییەکان وەکوو میترۆ و پارک بەبێ حیجابی زۆرەملێ سەرنجی بەشێکی زۆر لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ڕاکێشابووە سەر خۆی.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە