جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێک لە بەندیخانەی میاندواو

٣١ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٤:٣٠

هەنگاو؛ چوارشەممە ٣١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی ئورمیە بە ناوی محەممەد داغستانی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو جێبەجێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢١ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی محەممەد داغستانی، خەڵکی گوندی "حەکێ" سەر بە ناوچەی "تەرگەوەڕ"ی ئورمیە و دانیشتووی ئەو شارە لە بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، محەممەد داغستانی ماوەی چەند ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە سزای سێدارە مەحکووم کرابوو.

هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیا حکوومەتییەکان و بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە