ناڕوونی چارەنووسی ٨ چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی گیەڵان و هەوڵی سوپا بۆ دۆسیە سازکردن دژ بەو کەسانە

٣ خەرمانان ٢٧٢٤، ٠٠:١٥

هەنگاو؛ هەینی ٢ی خەرمانانی ٢٧٢٤

ماریا خانی، موحسین ئیسفەندیاری، ئارەش ئولفەتی، جەهانگیر ئازادی، لوتفوڵڵا پەرویز، حەمیدڕەزا ڕەحیمیان، سەلمان پەرهان و محەممەد پەرویز لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵکی گیەڵان کە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کران تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە و دەستبەسەرن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی هەشت چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵکی گیەڵان بەناوەکانی ماریا خانی، موحسین ئیسفەندیاری، ئارەش ئولفەتی، جەهانگیر ئازادی، لوتفوڵڵا پەرویز، حەمیدڕەزا ڕەحیمیان، سەلمان پەرهان و محەممەد پەرویز زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان لەو بارەیەدا بەبێ ئاکام ماوەتەوە.

بە وتەی ئەندامانی بنەماڵەی ئەو کەسانە: "سوپای پاسداران لە هەوڵدایە بە تۆمەتی بێ‌بنەما دژ بەو کەسانە، چالاکییەکانیان بە سووکایەتیکردن بە خەڵک و سەرکردەکان، و پەیوەندی لەگەڵ حیزبەکانی دژبەری حکومەت و پێگە ئیتلاعاتییەکانی دەرەوە ببەستێتەوە و لەو ڕێگایەوە دژ بەو کەسانە دۆسیە ساز بکات. هەروەها لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا دژ بە چالاکانی سیاسی خەڵکی گیەڵان و دانیشتووی دەرەوەی وڵاتیش دۆسیە ساز کراوە".

ئارەش ئولفەتی و محەممەد پەرویز ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی گەلاوێژ (١٥ی ئاگۆست) و ئەو شەش کەسەی دیکە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی گەلاوێژ هاوکات لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی عەلی فەرەج خانی و مستەفا ڕۆستەمی کە دواتر ئازاد کراون، دەستبەسەر کرابوون.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە، ئەو کەسانە لە هاوکارانی کەمپینی کۆکردنەوەی واژۆ لەژێر ناوی کەمپینی "ڕزگارکردنی زاگرۆس" بوون و لە کونتڕۆڵ و کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییانەی دارستانەکانی ئەو ناوچەیە چالاکانە بەشدارییان هەبووە.

شایەنی باسە کە هەستیاری بەرانبەر بە چالاکانی مەدەنی، کولتووری و ژینگەپارێزیی ئەو شارە، دوای ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵ کە زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس لەو ڕێوڕەسمەدا ئامادە بوون، زیاتر بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە