خاش؛ کوژرانی هاووڵاتییەکی بەلووچ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت

٣ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٦:٤٦

هەنگاو؛ شەممە ٣ی خەرمانانی ٢٧٢٤

هاووڵاتییەکی بەلووچ بە ناوی تاهیر جەمالزەهی، لە شاری خاش سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی گەلاوێژ (٢١ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، تاهیر جەمالزەهی، تەمەنی نزیک بە پەنجا ساڵ و خەڵکی خاش سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانی لە دەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تاهیر جەمالزەهی خەڵکی خاش و دانیشتووی ئەو شارە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.

هێزەکانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە کاتی ڕاوەدوونانی ئۆتۆمبێلێک لە گوندی تەوحیدئاوای ناوچەی گەرنچن لە شاری خاش تەقەیان لە ماشینەکە کردووە و لە ئاکامدا، دەست فرۆشێکی  قەراخ شەقامەکە بەناوی تاهیر جەمالزەهی فیشەکی بەر دەکەوێت و گیانی لە دەست دەدات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە