مەهاباد؛ دەستبەسەرکرانی سولەیمان سالک هاووڵاتیی تەمەن ٧٣ ساڵ بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

٣ خەرمانان ٢٧٢٤، ٢٣:٣١

هەنگاو؛ شەممە ٣ی خەرمانانی ٢٧٢٤

سولەیمان سالک، هاووڵاتیی تەمەن ٧٣ ساڵی دانیشتووی شاری مەهاباد بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٣ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٢٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، سولەیمان سالک تەمەن ٧٣ ساڵ، خەڵکی بۆکان و دانیشتووی مەهاباد، دوای بانگکران بۆ خانەی دادی گشتی و شۆڕشی مەهاباد، دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواسترایەوە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە، لە مانگی بانەمەڕی ٢٧٢٤، سولەیمان سالک، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی پیرانشار بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەجید ئەمیرمحەممەدی" بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێگای "هەڵگرتن و ڕاگرتنی چەک" سزای ١٠ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی ئەندامێتی لەو حیزبە سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

ئەو سزایە دوای داوای تەسلیم بە ڕای دادگا لەلایەن ئەو هاووڵاتییە و بە جێبەجێکردنی ماددەی ٤٤٢ی یاسای دادگاییکردنی تاوانەکان بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران گۆڕدرا.

سولەیمان سالک، ڕۆژی سێشەممە ٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوویەوە. ناوبراو دوای یەک مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

شایەنی باسە کە، سولەیمان سالک جارێکی دیکە لە ڕێکەوتی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژی هەمان ساڵدا، دوای بانگکران بۆ دادگای پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی لێپرسینەوە و گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی نەغەدە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە