ڕێوڕەسمی نەورۆز؛ دەستبەسەرکردنی سێ ژن بریتی لە دوو منداڵی ژێر ۱۸ ساڵ لە ئورمیە

٣٠ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ١٢:٥٩

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۳۰ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴

ساریا ئەحمەدی و ئەوین ئەحمەدی، دوو خوشکی ژێر ۱۸ ساڵ و ڕۆژبین ئەفسوون، سێ هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئورمیە پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز بە بەشداریی زیاتر لە ۱۵۰ هەزار هاووڵاتیی کورد لەو شارە، بەهۆی ئەوەی بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی بە نەخشی ئاڵای کوردستانەوە ناو بردراوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ۱ی بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۲۹ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴ (۱۹ی مارسی ۲۰۲۵)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی عیسمەت ئەحمەدی و دوو کچی مێرمنداڵی ناوبراو بەناوەکانی ئەوین ئەحمەدی تەمەن ۱۶ ساڵ و ساریا ئەحمەدی تەمەن ۱۷ ساڵیان بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کردووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەحمەدی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە: "۱۶ کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ئەحمەدی و وێڕای دەستبەسەرکردنی ئەو دوو کچە مێرمنداڵە، عیسمەت ئەحمەدی بە سەختی لە لایەن ئەو هێزانەوە لێی دراوە و لە هۆش چووە."

ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە، بەیانی هەمان ڕۆژ ڕۆژبین ئەفسوون هاووڵاتیی تەمەن ۲۲ ساڵ و پورزای ساریا و ئەوین لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، ساریا و ئەوین ئەحمەدی پاش ۱۷ کاتژمێر دەستبەسەربوون، دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشە،،ە دوای وەرگرتنی بەڵێننامە و واژۆ لە باوکیان ئازاد کراون بەڵام زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ڕۆژبین ئەفسوون لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە هۆکاری دەستبەسەرکرانیانی بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی بە نەخشی ئاڵای کوردستان لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئورمیە ناو بردووە کە ڕۆژی سێشەممە ۲۸ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴ بە بەشداریی زیاتر لە ۱۵۰ هەزار هاووڵاتی بەڕێوە چوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە