ئورمیە؛ سۆعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد و منداڵە بچووکەکەی مافی ٢٠ ڕۆژ مەرەخەسییان پێدرا

٢٣ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ٢٠:٣٠

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

سۆعدا خەدیزادە، بەندکراوی سیاسیی کوردی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە و خەڵکی پیرانشار، بۆ یەکەمجار دوای ٤٥ مانگ بەندکران، بە دانانی بارمتەی دوو ملیار و پێنسەد ملیۆن تمەنی لەگەڵ منداڵە ٢ ساڵ و ٨ مانگانەکەی، ئاڵا (سۆلینا) ئیسماعیلی، کە لە بەندیخانەدا لەدایک بووە، بۆ ماوەی بیست ڕۆژ بۆ مەرەخەسی نێردراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (١١ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، سۆعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسیی کوردی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە و خەڵکی شاری پیرانشار، بۆ یەکەمجار پاش ٤٥ مانگ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی دوو ملیار و پێنسەد ملیۆن تمەنی بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ مافی مەرەخەسیی پێدرا.

ئاڵا (سۆلینا) هاوینی ئەمساڵ بەهۆی بارودۆخی نالەباری تەندروستیی نێو بەندیخانە، نەبوونی سیستەمی ئاڵوگۆڕی هەوا و گەرمای لەڕادەبەدەر و نەبوونی فێنک کەرەوە تووشی هەستیاری پێستی هاتبوو و بەرپرسانی بەندیخانە ڕێگریان لە ناردنی ئەو منداڵە بۆ وەرگرتنی پێراگەیشتنی پزیشکی لە دەرەوەی بەندیخانە کردبوو.

سۆعدا خەدیرزادە تەنیا یەک جار لە ماوەی بەندکرانیدا مافی مەرەخەسیی پێدرابوو کە لە ڕێکەوتی شەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، لە ڕێگای نێوان ئورمیە بۆ پیرانشار و پێش گەیشتنی بە شوێنی مەبەستی لە پیرانشار، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرابوو. ئەو دایکە بەندکراوە و منداڵەکەی، پاش ٤٨ کاتژمێر دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە دیسان بۆ بەندیخانەی ژنانی ئورمیە گواسترانەوە.

سۆعدا خەدیرزادە پێشتر لە لایەن دادگای تاوانەکانی ١ی مەهاباد، بە تۆمەتی "هاوکاریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران و ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"، سزای ١٢ ساڵ و ۶ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەو سزایە ڕۆژی شەممە ١۵ی خەرمانانی ٢٧٢٢، بە شێوەی فەرمی بە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیێندرا.

ناوبراو کە لانی کەم جارێک لە بەندیخانەدا لە خۆکوشتن ڕزگاری بووە، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٢، لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئورمیە بە نەشتەرگەریی سێزاریەن منداڵی بووە و دوای ڕۆژێک بەبێ تێپەڕاندنی ماوەی دەرمان و چارەسەریی پێویست، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گەڕێندرایەوە.

سۆعدا خەدیرزادە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەزی ٢٧١٩، لە شاری پیرانشار لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە