جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێک لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان

٥ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٠:٣٤

هەنگاو؛ دووشەممە ٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ بەناوی بەرەکەت‌عەلی سەنجەرانی لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٢٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی بەرەکەت‌عەلی سەنجەرانی، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی زاهیدان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەکەرەت عەلی سەنجەرانی چوار ساڵ پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە