لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی بەلووچ لە زاهیدان، لە ماوەی شەش ڕۆژدا ۱۵ بەندکراوی بەلووچ لەسێدارەدراون

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی عەبدولسەلام بەلووچ مەشکەنتی (ئاهورانی) و ئەڵڵا نەزەر گورگیچ کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥ (١٣ی ئەپریلی ٢٠٢٥)،. سزای سێداەەی عەبدولسەلام بەلووچ مەشکەنتی تەمەن ٢٨ ساڵە و دانیشتووی چابەهار و ئەڵڵا نەزەر گورگیچ، تەمەن ٤٠ ساڵە، باوکی شەش منداڵ و خەڵکی زەهک لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ کرا.
عەبدولسەلام بەلووچ مەشکەنتی سێ ساڵ لەمەوبەر و ئەڵڵا نەزەر گورگیچ، حەوت ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.
بەپشتبەستن بە ئامارەکانی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە شەش ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ١٥ بەندکراوی بەلووچ کە دوویان بەندکراوی مەزهەبی بوون، لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسێدارە دراون.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییانە تاوەکوو داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیا حکومەتییەکان و بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەری بڵاونەکراوەتەوە.