مەتین حەسەنی یەکێک له بریندارانی ناڕەزایەتییەکان بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەرکرا

٥ خەرمانان ٢٧٢٤، ٢١:١٤

هەنگاو؛ دووشەممە ٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤

مەتین حەسەنی بریندارێکی ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ساڵی ٢٧١٨ و خەڵکی بۆکان، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە. ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕش سزای ٣١ مانگ بەندکران بە سەریدا سەپابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٢٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، مەتین حەسەنی یەکێک لە بریندارانی چاوی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٢٧١٨، دوای بانگکرانی بۆ جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەرکرا و بە مەبەستی تێپەڕکرانی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواسترایەوە.

ئەم بریندارە پێشتر بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک ڕایگەیاندبوو کە دەبێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو بۆ جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان بناسێنێت.

مەتین حەسەنی لە کۆتاییەکانی بانەمەڕی ٢٧٢٤، لەلایەن لەقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی ئەم شارە سزای ٣١ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو. ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤، لە کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتنی بە تۆمەتی «فریودانی یان هاندانی خەڵک بە شەڕ و کوشتار لەگەڵ یەکتر بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» و «پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات» ئامادە بوو.

مەتین حەسەنی لە دادخوازانی خەزەڵوەری ٢٧١٨، ڕۆژی سێشەممە ٣ ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٢٣ی ژانویەی ٢٠٢٤)، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەیی لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوو.

ئەم بریندارە، دواجار ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕەشەممەی ڕابردوو، بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ئازاد کرا.

شایانی باسە کە، مەتین حەسەنی، لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خوێناوی خەزەڵوەری ٢٧١٨، بە تەقەی چەکدارانی ئێران، چاوی چەپی بریندار بوو.

ناوبراو مانگی سەرماوەزی ٢٧١٨، لە کاتێکدا کە بۆ چارەسەریی چاوە بریندارەکەی لە تاران بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ناوەندێکی دەرمانی دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە