شاهروود؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێک لە پێش چاوی خەڵک

٥ خەرمانان ٢٧٢٤، ٢٢:٢١

هەنگاو؛ دووشەممە ٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی ئەمیر ڕەزا عەجەم ئەکرەمی کە پێشتر بە هۆی کوشتنی بەئەنقەستی پارێزەرێک بە سێدارە لەپێش چاوی خەڵک مەحکووم کرابوو، لە شاری شاهروودی سەر بە پارێزگای سمنان جێبەجێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی میزان ماڵپەڕی فەرمیی دەزگای دادوەری ئێران، سەرلەبەیانی دووشەممە ٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٢٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی بەندکراوێک لە شاری شاهروود لە پێش چاوی خەڵک جێبەجێ کرا.

ناسناوی ئەم بەندکراوە بۆ هەنگاو ئەمیر ڕەزا عەجەم ئەکرەمی و تەمەن ٢٢ ساڵ پشتڕاست کراوەتەوە.

تۆمەتباری ئەم دۆسیەیە لە گەلاوێژی ٢٧٢١، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاهروود تەقەی لە پارێزەرێکی دادگوستەری بە ناوی مەحموودڕەزا جەعفەری ئاقایی کردووبوو و کوشتبووی، دواتر لە لایەن لقی دووی دادگای تاوانەکانی یەکی پارێزگای سمنان بە سزای سێدارە مەحکووم کرابوو.

شایانی باسە کە، سزای ئەم بەندکراوە لە لایەن لقی ٤٩ی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتڕاست کرابوویەوە.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمە یەکەمین حاڵەتی سێدارە لەپێش چاوی خەڵک لە ساڵی ٢٧٢٤دایە. ساڵی ڕابردوو لانی کەم شەش بەندکراو لە پیش چاوی خەڵک لە سێدارە درابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە