ئاشکرابوونی ناسنامەی دوو بەندکراوی لەسێدرەدراو لە پێش چاوانی خەڵک لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی شاری خومەین

١٢ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٥:٠٠

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

بەپێی هەندێک وردەکاریی نوێ کە لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراوی لوڕ لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی شاری خومەین سەر بە پارێزگای مەرکەزی بە دەستی هەنگاو گەیشتووە، جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو دوو کەسە بێ‌ئاگاداریی بنەماڵەکەیان ئەنجام دراوە و ناسنامەیان ڕەزا ڕەشنۆ سادقی و حاجی کەبوودوەند ئاشکرا کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ناسنامەی ئەو دوو بەندکراوەی کە بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، لە پێش چاوانی خەڵک لەسێدارە درابوون، ڕەزا ڕەشنۆ سادقی، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی ئەندیمێشک سەر بە پارێزگای خووزستان و باوکی سێ منداڵ، و حاجی کەبوودوەند باوکی پێنج منداڵ و خەڵکی شاری برووجێرد سەر بە پارێزگای لوڕستان ئاشکرا کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پێش جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ڕەزا ڕەشنۆ سادقی، سزای لێدانی ٨٠٠ زەربەی قامچی بۆ ناوبراو جێبەجێ کرابوو.

شایانی باسە کە، سزای سێدارەی ئەو دوو بەندکراوە بێ‌ئاگاداریی بنەماڵە و دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاریان جێبەجێ کراوە و دوای جێبەجێکردنی سزاکەیان پەیوەندییان لەگەڵ بنەماڵەکەیان گرتووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە بۆ وەرگرتنی تەرمەکەیان سەردانی خومەین بکەن.

ئەو دوو بەندکراوە ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ لەگەڵ چوار هاووڵاتیی دیکە لە پارێزگاکانی خووزستان، لوڕستان و مەرکەزی دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە موحارەبە لە ڕێگای تەقەکردن و لەناوبردنی ئاسایشی ڕێگاوبانەکان" و کوشتنی بە ئەنقەستی پۆلیسێک بەناوی ستوان دووەم مورتەزا بەراتی سزای سێدارە لە پێش چاوانی خەڵکیان بەسەردا سەپێندرابوو.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە