شاری خومەین؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراو لە پێش چاوی خەڵک

٩ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٦:٥٧

هەنگاو؛ دووشەممە ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

سزای سێدارەی دوو بەندکراو کە زستانی ساڵی ٢٧٢٠ بە تۆمەتی  کوشتنی ئەفسەرێکی پۆلیس دەستبەسەر و بە سزای سێدارە لە پێش چاوی خەڵک مەحکووم کرابوون، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری خومەین، سەر بە پارێزگای مەرکەزیجێبەجێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو و ماڵپەری میزان، ماڵپەری فەرمیی دەزگای دادوەری ئێران، سەرلەبەیانی دووشەممە ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو کە پێشتر بە تۆمەتی بەشداری لە موحارەبە لە ڕێگەی تەقەکردن و تێکدانی ئاسایشی ڕێگەوبانەکان و کوشتنی پۆلیسێک سزای سێداەرەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی شاری خومەین و لە پێش چاوی خەڵک جێبەجێ کرا.

ئەم دوو بەندکراوە لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ لەگەڵ چوار هاووڵاتیی دیکە لە پارێزگاکانی خوزستان، لوڕستان و مەرکەزی دەستبەسەر و لە ڕێکەوتی ٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ بە تۆمەتی موحارەبە و افساد فی‌الارض تۆمەتبار کران و دۆسیەکەیان ڕەوانەی دادگا کرا.

ئیبراهیم گەمیزی، دادوەری شاری خومەین بە هەواڵدەرییە حکومەتییەکانی ڕاگەیاندووە کە، لە کۆتاییدا دوو لەو شەش کەسە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە موحارەبە لە ڕێگەی تەقەکردن و تێکدانی ئاسایشی ڕێگەوبانەکان و کوشتنی پۆلیسێک بە ناوی ستوانی دووەم مورتەزا بەراتی سزای سێدارەیان لە پێش چاوی خەڵک بەسەردا سەپێندرا و سزای ناوبراون لە لایەن دیوان باڵای وڵات پشتڕاست کراوەتەوە.

ناسناوی ئەم دوو بەندکراوە لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەم دوو حاڵەتەوە، لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوو لانی کەم ٣ بەندکراو لە ئێران لە پێش چاوی خەڵک لە سێدارە دراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە