مەریوان؛ ڕاپۆرتێک لەسەر چەند کاتژمێر دەستبەسەرکرانی مامۆستا عەلی بەهرامی

٧ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٧:١٥

هەنگاو؛ چوارشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٤

مامۆستا عەلی بەهرامی، بەرنوێژی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلی تایبەتیی ناوبراو وەکوو مۆبایلەکەی داگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٢٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، مامۆستا عەلی بەهرامی، لە سنووری باشماخی شاری مەریوان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی مامۆستا عەلی بەهرامی دوای گەڕانەوەی لە گەشت بۆ هەریمی کوردستان و لە کاتی ڕۆیشتنی بۆ مەریوان بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەو مامۆستا کوردە دوای نزیکەی ٧ کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراوە بەڵام مۆبایلەکەی تا ئێستاش لەبەر دەستی ئیدارەی ئیتلاعاتە و لاپەڕەی ئیستاگرامیی ناوبراو لەژێر کۆنترۆڵیاندایە.

مامۆستا عەلی بەهرامی، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٧ی جەنیوەریی ٢٠٢٤)، دوای بانگکران بۆ فەرمانگەی ئیتلاعاتی مەریوان، دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای نزیکەی ٨ کاتژمێر دەستبەسەرکرانی کاتی، دوایین کاتژمێرەکانی هەمان ڕۆژ ئازاد کرابوو.

شایەنی باسە کە مامۆستا عەلی بەهرامی، تا ئێستا چەند جاری دیکەش لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی مەریوانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوەتەوە. ئیتلاعاتدایە و لاپەڕەی ئینستاگرامی ناوبراویان بە دەستەوەیە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە