ڕێوڕەسمی نەورۆز؛ دەستبەسەركرانی توندوتیژانەی شێخ زاهید شەهابی، چالاكی مەزهەبی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات لە سەقز

٤ خاکەلێوە ٢٧٢٥، ١٣:١٨

هەنگاو، دووشەممە ٤ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥

شێخ زاهید شەهابی، لە چالاكانی مەزهەبیی كوردی خەڵكی سەقز، لە ئەنجامی هێرشی توندوتیژانەی هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترایەوە. شێخ زاهید شەهابی یەکێک لە بەشداربووانی ڕێوڕەسمێكی نەورۆز لە سەقز بووە و لە ڕێوڕەسمەكەیشدا پەیامێکی بڵاوکردەەە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی دووشەممە ٤ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥ (٢٤ی مارسی ٢٠٢٥)، شێخ زاهید شەهابی، خەڵكی سەقز لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر كرا.

بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هێرشكردن بۆ سەر خانەقای "ڕێگای ئازادی"ی سەقز، بە توندوتیژانە زاهید شەهابیان دەستبەسەر كردووە و كتێوەكانی نێو خانەقاكەیان فڕێ داوەتە دەرەوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێشتر ژمارەیەكی زۆر لە چالاكانی مەدەنیی سەقز بە پێشبینیكردنی ڕوودانی ئەم هێرشانە دوای ڕێوڕەسمەكانی نەورۆز، لە هەمبەر دۆسیەسازی بۆ چالاكان هۆشداریان دابوو.

شایانی باسە كە، شێخ زاهید شەهابی، ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤، لە ڕەوتی ڕێوڕەسمی شاخی جاقلی سەقز بەشداری كردبوو، چەند وتەیەكی پێشكەش كرد و ئاگری نەورۆزی هەڵكرد.

شایانی باسە كە، ئازاد شەهابی برای زاهید شەهانی لە ڕێكەوتی ٢٨ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ دوو چالاكی مەزهەبی دیكە بە ناوەكانی پەیمان محەممەدی و پەرویز ڕەحیم پەنا، لەو خانەقایەی كە تێیدا چالاكیان هەبوو، درانە بەر گوللە و كوژران.

دوای ماوەیەكی كورت، چالاكانی مەدەنی سەقز بە ئاماژەدان بە بەڵگەكان و پێشینەی ناوەندە حكوومەتییەكان، ئەم هەوڵەیان بە تیرۆری ڕێكخستنی و هەوڵێك بۆ سەركوتی زۆرتر زانی.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە