دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتی کورد لە کامێران لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
مامۆستا محەممەد میرزا ڕەحمانی، مووسا تابێعی، جەبار ئیبراهیمی و هێمن ئیبراهیمی، چوار هاووڵاتیی کورد و خەڵکی کامێران لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕەشەممە ٢٧٢٤ (٢٦ی فێبریوەری) محەممەد میرزا ڕەحمانی، خەڵکی لۆن و دانیشتووی تەروەرێز، مووسا تابێعی باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی لۆنە کۆن و دانیشتووی کامێران، جەبار ئیبراهیمی خەڵکی گوندی تەختی زەنگی و دانیشتووی کامیاران و باوکی سێ منداڵ و هێمن ئیبراهیمی خەڵکی کۆروەرە و دانیشتووی کامێران بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە سەر مۆبایلی جەبار ئیبراهیمی و هاوژینەکەیدا گرتووە.
مووسا تابێعی لە حاڵێکدا لە بازار بەرەو ماڵی خۆی دەگەڕایەوە لە نزیکی پاساژی شاهۆ لە شاری کامێران دەستبەسەر کراوە.
جێگای ئاماژەیە کە، محەمەد میرزا ڕەحمانی پێشتر لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی کامیاران سزای ٩١ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا، ئەم مامۆستا ئایینیە ڕۆژی چوارشەممە ١ی بەفرانباری ٢٧٢١ لە دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران دەستبەسەر و دوای سێ هەفتە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
دەستبەسەرکرانی ناوبراو بە هۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی پرسەی حەیدەر قوربانی بەندکراوی لەسێدارەدراوی کورد و وتار خوێندەوە لەم ڕێوڕەسمەدا بوو.
تا کاتی دارشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە لەبەردەست دا نییه.