جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا

١٣ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٨:٠١

هەنگاو؛ شەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی لۆری بەختیاری بە ناوەکانی مالیک ئەشتەر و ئەحمەدڕزا تونی، کە هەر دوو خەڵکی شاری دێزفول سەر بە پارێزگای خووزستان بوون و پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار لەگەڵ ماددە هۆشەبەرەکان لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانە ناوەندی خوڕەمئاوا جێبەجێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بەڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی دوو بەندکراوە بە بە ناوەکانی مالیک ئەشتەر ٣٥ساڵە و ئەحمەدڕزا تونی ٤٧ساڵە هەر دوو خەڵکی شاری دێزفول، لە بەندیخانەی ناوەندی خوڕەمئاوا (ناسراو بە بەندیخانەی پارسیلۆن) جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو بەندکراوە کە خزمایەتییان پێکەوە هەیە، ٤ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە دۆسیەیەکی هاوبەش دەستبەسەرکران و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو دوو بەندکراوە لە میدیاکانی حکومەت و بەتایبەتی میدیاکانی نزیک بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە