سنووری بانە؛ کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران

٩ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٥:٣٨

هەنگاو؛ هەینی ٩ی خەرمانانی ٢٧٢٤

کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی ئەسعەد ئەسپەندار لە سنووری شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێرە سەرەتاییەکانی ڕۆژی هەینی هەینی ٩ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٣٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، ئەسعەد ئەسپەندار، تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی "قۆڵەسوێر" سەر بە شاری سەردەشت لە کاتی کۆڵبەریکردن لە سنووری ئاڵواتانی بانە لە ڕەوتی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ژمارەیەک لە کۆڵبەران، گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی هەنگاو، سینگی ئەو هاووڵاتییە بە گوللەی هێزەکانی ئێران کراوەتە ئامانج و کوژراوە.

تەرمی ئەو کۆڵبەرە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەددینی ئەیووبی بانە گواسترابۆوە و ئێستا خەریکە بۆ شاری زێدەکەی خۆی، سەردەشت دەگواسترێتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە