جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ لە بەندیخانەی کەهنووج

١١ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٠:٣٧

هەنگاو؛ یەکشەممە ١١ی خەرمانانی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ بەناوی پەرویز میربەلووچزەهی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەهنووج سەر بە پارێزگای کرمان جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ بەناوی پەرویز میربەلووچزەهی نارۆیی تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی زاهیدان لە بەندیخانەی ناوەندیی کەهنووج جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە ٣ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. ناوبراو ڕۆژی هەینی بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابۆوە و ڕۆژی ڕابردووش دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەبووە.

هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە