ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دوو بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان

١٣ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٠:٥٥

هەنگاو؛ دووشەممە ١٢ی خەرمانانی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی میلاد عەلی محەممەدی و عیماد موتەولیان کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندی شاری ئیسفەهان جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٢٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی میلاد عەلی محەممەدی و عیماد موتەولیان، دوو بەندکراوی لوڕی بەختیاری و و تورک و خەڵکی ڕۆزوە و فەریدن سەر بە شاری چادگان لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئیسفەهان جێبەجێ کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، میلاد عەلی محەممەدی و عەماد متولیان، پێنج ساڵ پێش لە دۆسیەکەی هاوبەشدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەکرابوون و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو. سێ کەسی خەڵکی ئەفغانستان کە لەم دۆسیەیەدا دەستبەسەرکرابوو ساڵی ڕابردوو لەسێدارە درابوون.

هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوە تاکوو داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیاکانی حکومەتی بەتایبەتی میدیاکانی نزیک لە دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە