ئیسفەهان؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی پێنج بەندکراو بریتی لە دوو بەندکراوی خەڵکی هەرێمی کوردستان
هەنگاو؛ چوارشەممە ۱۲ی سەرماوەزی ۲۷۲۵
سزای سێدارەی پێنج بەندکراو بریتی لە دوو بەندکراوی کورد بەناوەکانی شەماڵ محەممەدڕەشید، ئەردەڵان حوسێن عەلی، شەهاب موختاری، ئەبۆلفەزل قادرزادە و مەیسەم پەناهی کە پێشتر بە تۆمەتی «پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان» لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ۱۱ی سەرماوەزی ۲۷۲۵ (۲ی دێسەمبەری ۲۷۲۵)، سزای سێدارەی پێنج بەندکراو بەناوەکانی شەماڵ محەممەدڕەشید و ئەردەڵان حوسێن عەلی، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دانیشتووی ئیسفەهان، شەهاب موختاری، ئەبۆلفەزل قادرزادە تەمەن ۲۹ ساڵ و خەڵکی کاشان و مەیسەم پەناهی تەمەن ۳۷ ساڵ و باوکی یەک منداڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان (بەندیخانەی دەستگرد) جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شەماڵ محەممەدڕەشید و ئەردەڵان حوسێن عەلی کە پێکەوە خزمن، سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، شەهاب موختاری چوار ساڵ پێش، ئەبۆلفەزل قادرزادە سێ ساڵ پێش و مەیسەم پەناهی دوو ساڵ پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو پێنج بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.