دەستبەسەرکرانی پێدرام محەممەدی لە درێژەی سەرکوتی خەڵکی بڵواناوا لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

١٣ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٥:٤٦

هەنگاو؛ سێشەممە ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٤

لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر خەڵکی شارۆچکەی بڵواناوا سەر بە دێولان، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی پێدرام محەممەدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستەبەسەر کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤ی)، پێدرام محەممەدی، تەمەن ٢٥ ساڵ و دانیشتووی بڵواناوای سەر بە دێولان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

ئێوارەی یەکشەممە ١١ی خەرمانان (١ی سێپتەمبەر) دوای سێ ڕۆژ بەردەوامی ناڕەزایەتیی خەڵکی بڵواناوا بە هۆی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری تایبەت بە کانگا و تێکدانی ڕێگاوبانەکان، لە ڕەوتی هێرشکردنی هێزە ئەمنییەکان و یەکەی تایبەت بۆ سەر ئەم ناڕەزایەتییە ژمارەیک لە ناڕازیان دەستبەسەر کران و هەندێکیان دراونەتە بەر لێدان و تا ئێستا هێزەکانی یەکەی تایبەت لە قوتابخانەکانی بڵواناوا جێگیر کراون.

جەمیل محەممەدی، شادمان محەممەدی مامۆستای فیزیا، فواد محەممەدی ئەندامی شوورای شار، محەمەد محەمەدی، مەیسەم حاجی مەجید وسەمیر محەممەدی و دوو کەسی دیکەی خەڵکی گوندی سرنجیانە کە هەردوویان ناسننامەیان "باقری" ئاشکرا بووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو، هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو کە ژمارەیان زیاتر لە ٢٠ کەس بووە، ١٢ی خەرمانان لە پاسگای ئینتزامی بڵواناوای دێولان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی قوروە گوازرابوونەوە.

هەروەها، زیاتر لە ١٠ کەس لە هاووڵاتییانی ناڕازی لە ناڕەزایەتیی شەوی یەکشەممە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، دراونەتە بەر لێدان و بارودۆخی تەندروستی چەندین کەسیان ناجێگیرە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە