ژمارەی دەستبەسەرکراوانی شاری مەهاباد گەیشتە چوار هاووڵاتی

١٣ خەرمانان ٢٧٢٤، ٢٠:٢١

 

هەنگاو؛ سێشممە ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٤

عادڵ کاکە، هاووڵاتی گەنجی خەڵکی شاری مەھاباد لەلایەن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا، بە هەژمارکردنی سێ دەستبەسەرکراوی دیکە ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەمڕۆی لە شاری مەهاباد ئەمڕۆ گەیشتە چوار کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٣ سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، عادڵ کاکە تەمەن ٢٣ ساڵە و خەڵکی گوندی "دۆستاڵی" سەر بە شاری مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عادڵ کاکە دوای ئەوەی لە ماڵی خۆیدا  لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا، بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئومید ئەحمەدنژاد، هونەرمەندی تەمەن ٣٥ ساڵە لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر گوندی "قەجی ئاوا"ی شاری مەهاباد لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەرکرا.

هاوکات،رامیار ئەبوبەکری تەمەن ١٦ ساڵە و سیاوەش سوڵتانی ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکران.

تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان و هەروەها شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتیانە لەبەر دەست نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە