دیواندەرە؛ دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

٢٧ خەرمانان ٢٧٢٤، ٢١:٥٢

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٧ی خەرمانانی ٢٧٢٤

چوار هاووڵاتیی کورد خەڵکی دیواندەرە بە ناوەکانی سەلاح فەتحی، ئامانج ئەحمەدی، مانی محەممەدی و پویا (نازناو نادیار) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستران. ژمارەی دەستبەسەرکراون ئەم شارە گەیشتە ١٤ کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی شاری هەنگاو، شەوی دووشەممە ٢٦ی خەرمانان ٢٧٢٤ (١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، ئامانج ئەحمەدی و پویا (نازناو نادیار)، هەردووکیان خەڵکی گوندی "ڕەشی ئاوا" سەر بە شاری دیواندەرە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ خەرمانان، مانی محەممەدی خەڵکی گوندی "تەورێزخاتوون" و سەڵاح فەتحی خەڵکی گوندی "ڕەشی ئاوا" لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراون.

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو چوار هاووڵاتییە بۆ ئاگاداری لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان تا ئێستا بێ ئەنجام بووە و ناوەندە ئەمنییەکانیش ئامادە نەبوون وەڵامێکی دیاریکراو لەم بارەیەوە بدەنەوە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەک ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتەکانی وەپاڵدراو، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانە لەبەردەستدا نییە.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتی ژینا ئەمینی لانی کەم ١٤ هاووڵاتی لە دیواندەرە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە