دەستبەسەرکرانی ڕەزا عەلایی، دەرهێنەری خەڵکی بانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

٢٣ خەرمانان ٢٧٢٤، ٢٢:٣٤

هەنگاو؛ هەینی ٢٣ی خەرمانانی ٢٧٢٤

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە بەرەبەرەی دووەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی، ڕەزا عەلایی فیلمسازی خەڵکی بانە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و دوای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، هێزە ئەمنییەکان لە شاری بانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ڕەزا عەلایی، فیلمساز و دەرهێنەری تەمەن ٤٣ ساڵی خەڵکی بانە، و ناوبراویان لەبەر دەرکەی ماڵەکەی دەستبەسەر کردووە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، هێزە ئەمنییەکان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ڕەزا عەلاییان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی ڕەزا عەلایی و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی، هەتا ئێستا زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو و هەروەها شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

ڕەزا عەلایی، دەرهێنەر و فیلمسازی خەڵکی بانەیە کە تا ئێستا لەسەر سازکردنی چەند فیلمی کورت و درێژ کاری کردووە و یەک لەوان بەناوی "زەوییە پیسەکان" توانیویەتی لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کەن بەشداری بکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە