مەریوان؛ دەستبەسەرکرانی زانیار ئەفسەری دوای هەڕەشەی کوشتنی براکەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

٢٣ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٤:٠٧

هەنگاو؛ هەینی ٢٣ی خەرمانانی ٢٧٢٤

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە کوردستان لە بەرەبەرەی دووەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی، زانیار ئەفسەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەریوان دوای هەڕەشەی کوشتنی براکەی لە بنەماڵەکەی لە ئەگەری ڕادەستنەکردنەوەی زانیار بە فەرمانگەی ئیتلاعات، ڕادەستی هێزەکانی ئەو ناوەندە ئەمنییە کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، زانیار ئەفسەری، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان دوای دەستبەسەرکرانی براکەی، کامران ئەفسەری و مەرجدارکردنی ئازادکردنی ناوبراو بە ڕادەستکردنەوەی زانیار، خۆی ڕادەستی ئەو ناوەندە ئەمنییە کرد و دواتر دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی چوارشەممە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بانگ کراونەتە فەرمانگەی ئیتلاعات و پێیان ڕاگەیێندراوە کە بەمەبەستی ئازادکردنی کامران ئەفسەری براکەی، زانیار ئەفسەری ڕادەست بکەن و کادیرێکی ئیتلاعات بە ناوبانگی محەممەدی (یووسف‌زادە) هەڕەشەی کوشتنی کامران ئەفسەری لە ئەگەری ڕادەستنەکردنەوەی زانیار لەو بنەماڵەیە کردبوو کە بەو هۆیەوە زانیار خۆی ڕادەست کردووە و دەستبەسەر کراوە.

کامران ئەفسەری ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەرمانان (١٠ی سێپتەمبەر) لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی، بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا و ڕۆژێک دواتر، دوای هەڕەشەکردن لە بنەماڵەکەی و ڕادەستکردنی زانیار ئازاد کرا.

شایانی باسە کە، لە ئەنجامی دەستبەسەرکرانی کامران ئەفسەری یەکێک لە کادیرەکانی فەرمانگەی ئیتلاعات بە ناوبانگی "یووسف‌زادە" لە دایکی ئەو هاووڵاتییەی داوە و بە قۆنداخی چەک زەربەی لە سەری ناوبراو داوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە، هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی زانیار ئەفسەری لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە