شنۆ؛ دیاکۆ عەزیزی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانە گواسترایەوە

٢٢ سەرماوەز ٢٧٢٤، ١٨:٢٦

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

دیاکۆ عەزیزی هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری شنۆ کە لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەرفراوانی هاووڵاتییانی کورد هاوکات لەگەڵ دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت دەستبەسەر و سزای ١٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١١ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، دیاکۆ عەزیزی هاووڵاتیی تەمەن ٣٦ ساڵ، دوای بانگکرانی بۆ ناوەندی جێبەجێکرانی سزاکانی شنۆ، دەستبەسەر و بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزای ١٨ مانگ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ گواسترایەوە.

دیاکۆ عەزیزی سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر " ئەنساری" بە تۆمەتی "پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای ١٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

دیاکۆ عەزیزی خەڵکی گوندی بابخاڵاوێی شنۆ بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٤ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤) و هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی بەرفراوانی هاووڵاتییانی کورد لە بەرەبەرەی ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای سێ حەوتە بە دانانی بارمتەی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆنی بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییهاتنی دادگاییەکی لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ ئازاد کرا.

شایانی باسە کە دیاکۆ عەزیزی لە ماوەی دەستبەسەرکرانەکەی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا بە بێ مافی هەبوونی پارێزەر و تەنانەت چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لێپرسینەوەی لێ کرابوو و بە توندی ئەشکەنجە درابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە