دیواندەرە؛ دەستبەسەرکرانی خەلیل ئەسغەری و پووریا حوسێنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

٢٩ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٥:٠٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٤

خەلیل ئەسغەری و پووریا حوسێنی دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی دیواندەرە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، خەلیل ئەسغەری، خەڵکی دیواندەرە و پووریا حوسێنی، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "ڕەشی ئاوا"ی دیواندەرە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە بێ نێشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی هەوڵی دەستبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییەیان داوە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی خەلیل ئەسغەری و پووریا حوسێنی لە بەردەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە