دەستبەسەرکرانی مازیار مورادی و پێدرام مەحموودی لە دیواندەرە، هەشت هاووڵاتی لە هەفتەی ڕابردوودا دەستبەسەرکراون
هەنگاو؛ شەممە ٢٤ خەرمانانی ٢٧٢٤
بە دەستبەسەرکردنی مازیار مورادی و پێدرام مەحموودی دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی دیواندەرە، ژمارەی هاووڵاتییانی ئەم شارە کە لە بەرەبەری دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراون، گەیشتە ٨ کەس.
بە پێی ڕاپۆەتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی هەینی ٢٣ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، مازیار مورادی لاوی وەرزشوان و کوشتی گیر و تەمەن ٢٦ ساڵ و پێدرام مەحموودی تەمەن ٢٥ ساڵ کە هەر دوویان خەڵکی دیواندەرەن لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی لە جادەی ساحلی لە کاتی گەڕانەوەیان لەسەر کار هەوڵی دەستبەسەرکردنییان داون.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراوان، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی مازیار مورادی و پێدرام مەحموودی لەبەر دەستدا نییە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو لانی کەم ٨ هاووڵاتیی کورد لە دیواندەرە و لە بەرەبەری دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی دەستبەسەر کراون.