دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لە بەرەبەرەی دووەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی

١٥ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٣:٣٩

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤

هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی پیرانشار بە ناوی سەعدوون شەریفی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا. لە بەرەبەرەی دووەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزە حکوومەتییەکانی ئێران ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە کوردستان زیاتر بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢٣ی ئێوارەی چوارشەممە ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٤ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە پیرانشار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەیی سەعدوون شەریفی لە گوندی "گرداسە" و ناوبراویان بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی هەنگاو، هێزەکانی ئیتلاعات بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و بە هەڵکوتان بۆ سەر ماڵی سەعدوون شەریفی و سازکردنی کەشی ترس بۆ ئەو هاووڵاتییە، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە، هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە