دووەمین ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی؛ دەستبەسەرکرانی واحید ئەبووبەکری لە پیرانشار

١٦ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٢:٠٩

هەنگاو؛ هەینی ١٦ی خەرمانانی ٢٧٢٤

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد هاوکات لەگەڵ ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی، هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی پیرانشار بە ناوی واحید ئەبووبەکری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، واحید ئەبووبەکری ٢٧ساڵە و خەڵکی گوندی کندڕێ سەر بە شاری پیرانشار، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کاتژمێر ١ی بەرەبەیانی بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و بە دروستکردنی کەشێکی مەترسیدار دەستبەسەریان کردووە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکرانی، تۆمەتە هەڵبەستراوەکان، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە