دەستبەسەرکرانی دووبارەی ئەرسەلان سوهرابی بەندکراوی سیاسیی کورد یەک مانگ دوای ئازاد بوونی

١٦ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٤:٢١

هەنگاو؛ هەینی ١٦ی خەرمانانی ٢٧٢٤

ئەرسەلان سوهرابی (خودکام)، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی مەهاباد کە پووشپەڕی ئەمساڵ دوای تێپەڕبوونی ٦ ساڵ و دوو مانگ بەندکران لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرابوو، لەم دواییانەدا دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەرکرا و دووبارە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، ئەرسەلان سوهرابی (خودکام)، تەمەن ٥٠ ساڵ و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەهاباد دوای بانگکرانی بۆ فەرمانگەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە.

دەستبەسەرکرانی دووبارەی ئەرسەلان سوهرابی لە کاتێکدایە کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە، بە بە بڕیاری لە ناکاوی داواکاری نیزامیی تاران و بەبێ زانیاریی پێشوەخت ڕاگیراو و ئەم بەندکراوە سیاسییە دوای ڕاگەیاندنی بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، ڕۆژی هەینی ١٥ی پووشپەڕ) ٥ی جولای (لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

شایانی باسە کە، ئەرسەلان سوهرابی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (١٢ی مارسی ٢٠٢٤)، دوای پێنج ساڵ و ١٠ مانگ و ١٩ ڕۆژ بەندکرانی بەردەوام، بۆ ماوەیەکی کورت مافی مەرەخەسی پێدرابوو.

ئەرسەلان سوهرابی مانگی گەلاوێژی ساڵی ٢٧١٨، لەلایەن لقی ٣٢ی دادگای سەربازیی ئورمیە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا کە دواتر بەپشتبەستن بە ماددەی ٢٠ی کۆمیسیۆنی لێبوردن و لێخۆشبوون بە یەک پلە داشکاندن بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە و ئەو سزایە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ بەشێوەی فەرمی بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرا.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٣ی گوڵانی ٢٧١٨ (٢٣ی ئەپریلی ٢٠١٨) لە کاتێکدا ئەندامیی سوپای پاسداران بوو و بۆ ئەرکێک بۆ شنۆ ڕویشتبوو، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات دەستبەسەر کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە