ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین بارودۆخی ئەمیر سەیدی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە

١٦ خەرمانان ٢٧٢٤، ٢٣:٠٥

هەنگاو؛ هەینی ١٦ی خەرمانانی ٢٧٢٤

ئەمیر سەیدی، چالاکی کورد و خەڵکی مەهاباد کە ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و ئێستا سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە تێپەڕ دەکات، بە گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان تەنانەت دوای کۆچی دوایی باوکی لە مافی مەرەخەسی بێبەشە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو و دوای دەستبەسەرکرانی ئەمیر سەیدی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی لە بەندی لاوانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، سەرەڕای بارودۆخی ناجێگیری تەندروستیی خۆی و کۆچی دوایی باوکی، لە لایەن فەرمانگەی بەندیخانە و بە گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە وەرگرتنی مافی مەرەخەسی بێبەش کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو و وتووێژ لەگەڵ سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەمیر سەیدی، ناوبراو ئێستا بەهۆی نەخۆشییەوە لە بارودۆخێکی ناجێگیردایە و سەرەڕای ئەوەی چەندین جار لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە پێی کوتراوە کە بنەماڵەکەی دەتوانن بە دابینکردنی بارمتە مافی مەرەخەسیی بۆ وەرگرن، بەڵام بەردەوام لەگەڵ ڕێگریی فەرمانگەی بەندیخانەی ئورمیە لەگەڵ وەرگرتنی مافی مەرەخەسی ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، دوای کۆچی دوایی عەلی سەیدی، باوکی ئەمیر سەیدی، لە ڕێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕ، سەرەڕای دابینکردنی بڕیاری بارمتە، فەرمانگەی بەندیخانە لە بەشداریکردنی ناوبراو لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و چلەی باوکی ڕێگرییان کردووە.

ئەمیر سەیدی هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد و تەمەن ٢٧ ساڵ، لە ڕێکەوتی ٣٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢١ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر کافەکەی لە باخی میکاییل و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرابوو و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواسترابۆوە.

ناوبراو دوای شەش مانگ دەستبەسەربوون و لێپرسینەوە، بە بڕیاری بارمتەی ٤ ملیار تمەنی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەمیر سەیدی ئێستا لە بەندی لاوانی بەندیخانەی ئورمیە سزای سێ ساڵ بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات و سەرەڕای داوای گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی مەهاباد، تا ئێستا وەڵامێکی پێ نەدراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە