دیواندەرە، دەستبەسەرکرانی لانی کەم چوار هاووڵاتیی

١٨ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٢:٤٢

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٨ی خەرمانانی ٢٧٢٤

لە بەرەبەری دووەمین ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران و لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، لانی کەم چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری دیواندەرە بە ناوەکانی نەوید شەریفی، فەرهاد قەمەری، محەممەد ئەمینی و فواد مورادی دەستبەسەر کراون.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە شاری دیواندەرە شەپۆلێکی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانیان دەستپێکردووە و تا ئێستا ناسناوی چوار لەو هاووڵاتییانە بە ناوەکانی محەممەد ئەمینی تەمەن ٣٩ساڵە و نەوید شەریفی کە هەردوویان خەڵکی گوندی کانی سپی، فەرهاد قەمەری خەڵکی گوندی کوتەک و فواد مورادی خەڵکی گوندی کێلەکەوە پشتڕاستکراونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چوار هاووڵاتییە بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەنامەیەکی دادوەری و بە توندوتیژییەکی زۆرەوە دەستبەسەر کراون و ماڵەکانیشیان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە پشکێنراوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکرانیان، تۆمەتە هەڵبەستراوەکان، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم چوار هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە