مەریوان؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی ماردین دێهقانی تەمەن ١٧ ساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ دووشەممە ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٤
لە درێژەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە بەرەبەری دووەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزە حکوومەتییەکانی ئێران، ماردین دێهقانی تەمەن ١٧ ساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دوای سێ ڕۆژ چارەنووسی نادیارە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئێوارەی شەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بە هێرشکردن بۆ سەر ماڵی بنەماڵەیی ماردین دێهقانی مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی ماردین دێهقانی بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی بووە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە و هەروەها بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ناوبراو لەم بارەوە بێ ئاکام ماوەتەوە.