جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ٦ بەندکراو بریتی لە ٤ بەندکراوی بەلووچ و هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەفغانستان

١٩ خەرمانان ٢٧٢٤، ١١:٢٥

هەنگاو؛ دووشەممە ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی شەش بەندکراو بریتی لە چوار بەندکراوی بەلووچ، یەک بەندکراوی سیستانی و بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان کە پێشتر لە دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان، ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلووچستان جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی چوار بەندکراو بەناوەکانی سەعید حەسەن‌زەهی تەمەن ٣٠ ساڵ و بەندکراوێک بە ناوبانگی "ڕوودینی" هەر دووکیان خەڵکی زاهیدان، فەرزاد سەنچوولی تەمەن ٢٩ ساڵ خەڵکی زابۆل و نوورمحەممەد نووری (نوورزەهی) خەڵکی ولایەتی نیمرووز سەر بە ئەفغانستان لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ کرا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی حاڵ وەش کە هەواڵەکانی سیستان و بەلووچستان ڕادەگەیێنێت، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی دیکەی بەلووچیش کە بۆ ناسنامەیان بەدواداچوون دەکرێت، جێبەجێ کراوە.

سەعید حەسەن زەهی و نوورمحەممەد نووری چوار ساڵ پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا دەستبەسەر کرابوون و دواتر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. دوو بەندکراوی دیکەش هەر بەو تۆمەتە چوار ساڵ پێشتر دەستبەسەر کرابوون.

ئەو شەش بەندکراوە ڕۆژی ڕابردوو بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان گواسترابوونەوە و دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکەیان هەبووە.

هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو شەش بەندکراوە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە