جێبەجێكرانی سزای سێدارەی ڕۆستەم زەینەدینی بەندكراوی سیاسیی بەلووچ لە بەندیخانەی زاهیدان

هەنگاو؛ شەممە ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی بەندكراوێكی سیاسیی بەلووچ بە ناوی ڕۆستەم زەینەدینی ناسراو بە “حاجی گوڵ” و بەندكراوێكی دیكە بە ناوی عەبدولسەمەد شەهبازی كە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ كرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی شەممە ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ (٢٦ی ئەپریلی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی ڕۆستەم زەینەدینی بەندكراوی سیاسیی تەمەن ٣٠ ساڵی بەلووچ و خەڵكی شاری لاشاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ كرا.
ڕۆستەم زەینەدینی دوو ساڵ پێش لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بە تۆمەتی “هاوكاری لەگەڵ ڕێكخراوی جەیشولعەدل” دەستبەسەر و لە ماوەیەكی كەم و لە كاتێكدا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بوو، لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای مەحكوومكردنی جێبەجێكرانی ئەم سزای سێدارەیە، جەخت دەكاتەوە كە كەڵكوەرگرتنی سیستماتیک لە سزاكانی سێدارە، بە تایبەت دژی كەمینە ئیتنیكی و مەزهەبییەكان، سەرپێچیی جدییە لە پابەندبوونی نێودەوڵەتیی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە بواری مافی مرۆڤی.
بە پێی ڕاپۆرتێکی “حاڵ وەش” ڕۆستەم زەینولدینی لە ماوەی دەستبەسەركرانەكەیدا بە توندی ئەشكەنجە دراوە و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆی بووە. ناوبراو دوای گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان هەموو تۆمەتە سەپێندراوەكانی دژ بە خۆی ڕەد كردووەتەوە.
هاوكات، سزای سێدارەی عەبدولسەمەد شەهبازی (بەریچی) تەمەن ٢٨ ساڵ بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە لەم بەندیخانەیە جێبەجێ كراوە.