دەستبەسەرکرانی پێنجەمین هاووڵاتی لە دیواندەرە، مزەفەر دارایی دەستبەسەر کرا

١٩ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٣:٠٧

هەنگاو؛ دووشەممە ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٤

بە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی دیکە لە دیواندەرە بە ناوی مزەفەر دارایی، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەم شارە لە بەرەبەرەی دووەمین ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی گەیشتە پێنج کەس. پێشتر هەنگاو هەواڵی دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی محەممەد ئەمینی، نەوید شەریفی، فەرهاد قەمەری و فواد موردای بڵاو کردبووەوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە دیواندەرە بە هێرشکردن بۆ سەر ماڵی مزەفەر دارایی، ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا کاتژمێر ١١ی بەیانی بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری هەوڵی دەستبەسەرکردنی مزەفەر دارییان داوە و دواتر ماڵەکەیان پشکنیوە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵی دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی دیواندەرە بە ناوەکانی محەممەد ئەمینی تەمەن ٣٩ ساڵ و نەوید شەریفی کە هەردووکیان خەڵکی گوندی "کانی سپی"، فەرهاد قەمەری خەڵکی گوندی "کوتەک" و فواد مورادی خەڵکی گوندی "کێلەکەوە" بڵاو کردبووەوە کە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە