بیست و شەش ڕێکخراوی مافی مرۆڤی داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزییان کرد

٢٠ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٠:٥٧

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٤

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو و بیست و پێنج ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی دیکە بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی هاوبەش وێڕای ئیدانەکردنی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی، داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە و ئازادیی ناوبراویان کرد.

دەقی تەواوی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیە؛

ڕاگەیەندراوەی هاوبەشی ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان لەسەر ئیدانەکردنی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی:

خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی خێرا و دەستبەجێی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی و ئازادکرانی ناوبراوین

ئێمە ناوەندەکانی مافی مرۆڤیی واژۆکەری ئەم ڕاگەیەندراوە، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ و ناڕەزایەتیی خۆمان سەبارەت بە بارودۆخی سەرجەم بەندکراوانی سیاسی کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە و یان ئەگەری سەپاندنی ئەو سزایە بەسەریاندا لەئارادایە، و هەروەها دژایەتیکردن لەگەڵ نامرۆڤانەبوونی ئەو سزایە بۆ هەموو مرۆڤەکان، سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی، ژنە چالاکی کورد و ئاریکاری کۆمەڵایەتی، شەرمەزار دەکەین. ئەو سزایە نە تەنیا پێشێلکردنی ئاشکرای بنەما و بابەتە مافی مرۆڤییەکان، کۆنوانسیۆنەکان و بڕیارە نێونەتەوەییەکانە، بەڵکوو نیشاندەری سەرکوتکردنی ڕێکخراوانەی ئازادیی ڕادەربڕین و مافی ژیانی مرۆڤەکان لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە.

پەخشان عەزیزی کە لە کاتی خوێندکاریی لە زانکۆ و دواتر وەکوو ئاریکاری کۆمەڵایەتی بەردەوام بەمەبەستی گەشەسەندنی زانیاریی گشتی، پاڵپشتی لە مافەکانی ژنان و وەدیهاتنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی چالاکی کردووە، ئێستا بەهۆی هەوڵەکانی لە ڕێگای بەرگری لە مافە بنەڕەتییەکان و ئازادییە سەرەکییەکانی مرۆڤ لەگەڵ ئەو سزا نامرۆڤانە ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

ناوبراو لە هەمان یەکەمین چرکەکانی دەستبەسەرکرانییەوە کە لەگەڵ توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکان ئەنجام درابوو، بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و سازکردنی دۆسیەی ناڕاست لەبەر ئەشکەنجە - وەکوو چەندین مانگ ڕاگرتنی ناوبراو لە ژووری تاکەکەسی بەبێ مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر - داندرابوو. ئاساییە کە ئاکامی ڕەوتێکی بەم شێوەیە هیچکات نەتوانێت دادپەروەری دەستەبەر بکات.

هەر بەو جۆرەی پەخشانیش دواتر لە پرۆسەیەکی دادگاییکردنی بە تەواوی نادادپەروەرانەدا و بە بێبەشکردنی لە مافە سەرەتاییەکانی هەر بەندکراوێک سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ئەو بەندکراوە سیاسییە بە تۆمەتی «بەغی» لەحاڵێکدایە کە ناوبراو سەرەڕای تەواوی ئەو گوشارانەی لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لەسەری بووە، هەرچەشنە بەشدارییەک لە کردارێکی چەکدارانەی ڕەت کردووەتەوە و پارێزەرەکانی بە ڕوونی ڕایانگەیاندووە کە: «پەخشان عەزیزی نە تەنیا لە هیچ کردەوەیەکی چەکدارانەدا بەشداریی نەکردووە بەڵکوو بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە عێراق و سوریا بووە و بەهۆی تاوانەکانی داعش، لە ساڵی ٢٧١٥دا چووەتە کەمپی ئاوارەکانی شەڕ لە ناوچەی ڕۆژاوا و وەکوو ئاریکاری کۆمەڵایەتی یارمەتیی ئاوارەکان و خەسارلێکەوتووانی ئەو شەڕەی داوە. تەنانەت لە سزاکەیدا هیچ ئاماژەیەک بە هیچ کردەوە و یان پێکدادانێکی نیزامیی پەخشان عەزیزی لەگەڵ هیچ کەسێکی حەقیقی یان یاسایی دەوڵەتی یان نادەوڵەتیی ئێراندا نەکراوە.»

ناوەندە مافی مرۆڤییەکانی واژۆکەری ئەم ڕاگەیەندراوە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی و ئازادکرانی خێرای ناوبراو دەکەن. ئەو سزایە تەنیا هەڕەشەیەک لەسەر گیانی یەک چالاکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو هەوڵێکی ئاشکرا و بەربڵاو لە لایەن حکومەتەوەیە بەمەبەستی تۆڵەسەندنەوە لە بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" و سەرکوتکردن و بەردەوامیی پێشێلکردنی ڕێکخراوانەی مافەکانی ژنان لە ئێران.

ئێمە هەروەها لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان و کۆمەڵگای جیهانی داوا دەکەین کە بە کردەوەیەکی خێرا و کاریگەر، ناڕەزایەتیی خۆیان دژ بەو سزایە و پێشێلکردنی بەرفراوانی مافی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەربڕن و بە کەڵکوەرگرتن لە هەموو ڕێوشوێنە یاسایی، سیاسی و دیپڵۆماتیکەکانەوە لە سەپاندن و جێبەجێکردنی سزا نامرۆڤانەکان لە لایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە ڕێگری بکەن.

ئاشکرایە کە بەردەوامیی ڕەوتی سەرکوتکردن و دەرکردنی سزای قورسی وەکوو سزای سێدارە بەسەر چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، دەبێتە هۆی گەشەسەندنی توندوتیژی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و هەڵکشانی هەڵاواردنە جۆراوجۆرەکان کە لە ئێران بوونیان هەیە. هەر بەو هۆیەوە پێویستە کە بە کردەوە بۆ ڕاگرتنی ئەو ڕەوتە هەنگاوی جددی هەڵگردرێتەوە.

ناوەندە مافی مرۆڤییەکانی واژۆکەری ئەم دەقە لەسەر ئەو بڕوایەن کە پرۆسەی دادگاییکردن لە ئێران پرۆسەیەکی بە تەواوی نادادپەروەرانە و جیاوازی‌دانەرانەیە. ئێمە وێڕای پێداگری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی و بەندکراوانی دیکە کە ئەو سزا نامرۆڤانەیان بەسەردا سەپێندراوە، داوای زیاترکردنەوەی گوشارەکان لەسەر دەزگای دادوەریی ئێران لە لایەن بیروڕای گشتی، چالاکانی مەدەنی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران و ناوەند و ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکانی چالاک لە بواری مافی مرۆڤ دەکەین. بێگومان تەنیا لە ڕێگای هاوکاری و یەکخستنی هێزەکان و لەپێشگرتنی کردەوەی کاریگەر دەتوانین سەرکوت، سزادان و کوشتاری سیستەماتیکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگرین.

ناوی ناوەندە مافی مرۆییەکانی واژۆکەری ڕاگەیەندراوەکە:

یەکگرتوویی بۆ ئێران
ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران-ژێنێڤ
ئەنجوومەنی بنەماڵە دادخوازەکانی خەزەڵوەر
ئەنجوومەنی دادخوازانی ئێران
ڕێکخراوی سیامەک پوورزەند
ڕێکخراوی عەبدولڕەحمان بروومەند
ڕێکخراوی جیهانیی کورد
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی شیوار - بەلووچستان
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان
شەش ڕەنگ (تۆڕی لێسبییەن و تڕانسجێندەرە ئێرانییەکان)
دادپەروەری بۆ ئێران
فمنا
ناوەندی پارێزەرانی مافی مرۆڤ
کوردپا ئاژانسی هەواڵدەریی کوردستان
کوردستان تریبوناڵ
کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئێران
کەمپینی چالاکانی بەلووچ
ناوەندی پارێزەرانی مافی مرۆڤ
ناوەندی مافی مرۆڤی زاگرۆس
ناوەندی «سەرجەم مافە مرۆڤییەکان، بۆ هەمووان، لە ئێران»
ناوەندی مافی مرۆڤی ئازەربایجان لە ئێران - ئاهراز
ناوەندی مافی مرۆڤی هاوار هێلپ


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە