ڕاگەیەندراوەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەسەر ئیدانەکردنی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی

٢٢ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٨:٥٥

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کورد، چالاکی مافی ژنان و ئاریکاری کۆمەڵایەتی، لە لایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە شەرمەزار دەکات. سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی بە واتای گاڵتەجاڕی بە ڕەوتە دادوەری و بنەما نێودەوڵەتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە وەکوو ئەو بنەمایانەیە کە ڕاگەیەندراوەی جیهانیی مافی مرۆڤ (ماددەی ١٠ و ١١) و پەیمانی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (ماددەی ٦ و ماددەی ١٤) لەخۆی دەگرن.

هەنگاو ڕایدەگەیەنێت کە سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکان نێردراوە. ئەو کردەوە بێجگە لە ویستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەمەبەستی کوشتنێکی حکومەتیی دیکە ئاگادارکردنەوەیەکی جددی لەسەر مەترسیی نزیکی جێبەجێکرانی ئەو سزا نامرۆڤانەیە.

پەخشان عەزیزی لە ئەنجامی ڕەوتێکی دادگاییکردن بەبێ لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە بە تۆمەتی "شۆڕشی چەکدارانە" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ئەوە لەحاڵێکدایە کە تەنانەت لە ڕای دادگادا نیشانەی ئەنجامی ئەو تاوانە بە چالاکییەکانی پەخشان عەزیزی وەکوو "فەرماندەی دەستەی سەربازی" نە لە خاکی ئێران یان تەنانەت وڵاتی دراوسێی ئێران واتا عێراق، بەڵکوو لە سووریا ناو بردراوە، کە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەک و تەنانەت شرۆڤەی چۆنیەتیی چالاکییەکانی ناوبراو وەکوو فەرماندەی دەستەی سەربازی بە چالاکییەکانی وەکوو "وانەبێژی بواری ژنناسی و لێکۆڵینەوەکانی ژنانی کۆڕ" ئاماژە کراوە، کە بە ئاشکراییەوە هیچ پەیوەندییەکی بە چالاکیی چەکدارانە نییە. لە بەشێکی دیکە لە بڕیاری دادگا بە پەیوەندیی پەخشان عەزیزی لەگەڵ بنەماڵە دادخوازەکانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٧٢٢ و بانگهێشتیان بۆ درێژەدان بە دادخوازی وەکوو نیشانەیەک لە ئەنجامی تاوان ئاماژە کراوە. هەر ئەوە بە تەنیا تەواوە تا چۆنیەتیی گاڵتەجاڕێک بەناوی دەزگای دادوەریی ئێران بناسرێت کە بانگهێشت بۆ دادخوازیی قوربانییانی سڤیلی کوشتنی سەروو یاسایی بە دەستی حکومەت بە سزای سێدارە وەڵام دەدرێتەوە.

بەشی سەرەکیی چالاکییەکانی پەخشان عەزیزی لە سووریا لە بواری یارمەتیدانی بەجێماوانی تاوانەکانی داعش و پاڵپشتی لە چینە خەساردیتووەکان لە ڕێگای چالاکی لە ڕێکخراوی وەکوو "کۆمەڵگای مانگی سووری کوردی" و "ڕێکخراوی گەشەپێدان و چاکسازیی شەمس" چالاکیی بووە کە هەردووکیان بە مۆڵەتنامەی فەرمی چالاکییان دەکرد و بڕوانامەی چالاکییەکانی ناوبراو لەو ڕێکخراوەدا بە دادگا پێشکەش کرابوو. پەخشان عەزیزی بەو چالاکییانە گرێبەستی خۆی لەگەڵ ئاشتی و مرۆڤدۆستی سەلماندووە.

ناردنی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی بۆ یەکەی جێبەجێکرانی سزاکان، و سەپاندنی سزای هاوشێوە بەسەر وریشە مورادی، هەوڵی ئاساییکردنەوەی لەسێدارەدرانی ژنانی سیاسی بەتایبەت ژنانی کورد نیشان دەدات. ئەو سزایە وەبیرهێنەرەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی شیرین عەلەم هوولی لە ساڵی ٢٧١٠ و گەڕانەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ بەربەریزم و دڕندەیی دەیەی شەستی هەتاوی و هەڕەشەیەکی جددی لەسەر باقی بەندکراوانی ژنە.

پێشێلکرانی گرێبەستە نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤییەکان

١- پێشێلکردنی مافی ژیان:

ناردنی ئەو سزایە بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکان پێشێلکرانی ئاشکرای ماددەی ٦ی پەیمانی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە کە ئێرانیش یەکێک لە ئەندامانییەتی و دەوڵەتەکان ناچار دەکات کە لە جێبەجێکرانی سزای سێدارە لە ڕەوتێکی جیاکارانە یان بە پێشێلکرانی بنەماکانی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە خۆ ببوێرن.

٢- دادگاییکردنی نادادپەروەرانە:

ڕەوتی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی ڕەوتێکی بە تەواوی لێوڕێژ لە پێشێلکارییە کە لە بنەڕەتدا بەکاربردنی دەستەواژەی ڕەوتی دادگاییکردن بۆ ئاماژە بەو دۆسیە نەشیاو دەکاتەوە.

دەستێوەردانی ناوەندە ئەمنییەکان لە پرۆسەی دادوەری، لەبەرچاونەگرتنی بێ‌لایەنانەی بەڵگەکان، و سەپاندنی سزا بەپێی تۆمەتی بێ بنەما و بێ بەڵگەی پێویست تەنیا بەشێک لەو پێشێلکارییانەیە.

سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی هەروەها وێنەیەکی ڕاستەقینە لە سیاسەتە چەوسێنەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە کەمینە نەتەوەیی/ئیتنیکی و ژنان و سەلمێنەری دامەزراوەیی بوونی هەڵاواردن لە سیستەمی دادوەریی ئێرانە.

داوای ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتەکان و ناوەندە مافی مرۆڤییەکان:

١- داوا لە هەواڵنێری تایبەت بە پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران دەکەین گرینگییەکی خێرا بە دۆسیەی پەخشان عەزیزی بدرێت و بەشێوەیەکی جددی بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

٢- داوا لە لیژنەی بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە خێراییەکی زیاتر بە بەڵگەمەندکردنی ئەو دۆسیە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەسەر سەرکوتە ڕێکخراوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بدەن.

٣- داوا لە دەوڵەتەکان دەکەین کە کاربەدەستە دادوەری و ئەمنییە بەرپرسەکان لە دۆسیەی پەخشان عەزیزی لەژێر گەمارۆی ئامانجداردا دابنێن.

٤- کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت لەژێر گوشاری دیپلۆماتیک و نێونەتەوەییدا بێت تا جێبەجێکرانی ئەو سزایە ڕابگیردرێت و دۆسیەکەی دیسان بە لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

ئاگادارکردنەوە سەبارەت بە شەپۆلی نوێی لەسێدارەدرانەکان لە ئێران

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی کۆماری ئیسلامیی ئێران لانی کەم ٩٠١ کەسی لەسێدارە داوە. ئەو ئامارە کەڵکوەرگرتنی ڕێکخراوانەی حکومەتی ئێران لە سێدارە وەکوو ئامرازێک بەمەبەستی سازکردنی کەشی ترس لە کۆمەڵگا و سەرکوتکردنی دژبەرەکانی نیشان دەدات.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەبارەت بە لە مەترسی بوونی گیانی پەخشان عەزیزی و ئەگەری نزیکی جێبەجێکردنی سزای سێدارەکەی کە دەتوانێت سەرەتایەک بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ڕەوتی لەسێدارەدرانی بەندکراوانی سیاسیی ژن لە ئێران بێت، هۆشداری دەدات.

ئێمە لە کۆمەڵگای جیهانی داوا دەکەین پێویستیی ئەو بارودۆخە لەبەر چاو بگرن و لە تەواوی کەرەستە بەردەستەکانیان بەمەبەستی ڕاگرتنی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی کەڵک وەربگرن.

سەرەڕای ئەوە بانگهێشتی خەڵکی ئێران و چالاکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە بە دەنگێکی بەرز ناڕەزایەتیی خۆیان سەبارەت بەو نادادپەروەرییە دەرببڕن و لە تەواوی ڕێگا ئاشتیخوازانەکانەوە بەمەبەستی پاڵپشتی لە پەخشان عەزیزی و سەرجەم بەندکراوانی سیاسیی لە مەترسیی سێدارەدا کەڵک وەرگرن. یەکگرتوویی و بەرخۆدانی کۆمەڵگای مەدەنی ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕێگریکردن لە دووپاتبوونەوەی ئەو قەیرانە مرۆڤییە هەیە. ئێستا کاتی کردەوەیەکی دەستبەجێیە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە