شیروان؛ دەستبەسەرکرانی مستەفا ڕەهنەما، چالاکی کولتووریی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

هەنگاو؛ سێشەممە ۳۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
مستەفا ڕەهنەما، لە وەرزشوانان و چالاکانی کولتووریی کوردی خەڵکی شاری شیروان سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۳۰ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۱ی جولای ۲۰۲۵)، مستەفا ڕەهنەما، چالاکی کولتووری تەمەن ۴۷ ساڵ و خەڵکی شیروان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە نزیکی گۆڕەپانی دانشگای ئەو شارە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی مستەفا ڕەهنەما بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ئەنجام دراوە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو بێ ئاکام ماونەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.