مەریوان؛ دەستبەسەرکرانی کامران ئەفسەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکان
هەنگاو؛ سێشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٤
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیان لە بەرەبەری دووەمین ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی، کامران ئەفسەری هاووڵاتی خەڵکی نێ سەر بە مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کراوە.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤) کامران ئەفسەری، هاووڵاتی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی گوندی نێی مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گوازراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ئەفسەری، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری هێرشیان کردووەتە سەر ماڵیان و بە بەکارهێنانی تووندوتیژی دەستبەسەر کراوە.
ئەم سەرچاوە لە درێژەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند، یەکێک لە کادرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە ناوی «یوسف زادە» دایکی کامرانی داوەتە بەر لێدان و قونداخی چەکەکەی کوتاوە بە سەریا.
تا کاتی دارشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان و شوێنی ڕاگرتنی کامران ئەفسەر لەبەردەستدا نییە.