دەستبەسەرکرانی ئومێد ئەحمەدنژاد، هونەرمەندی خەڵکی مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

١٣ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٢:١٣

هەنگاو؛ سێشەممە ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٤

ئومێد ئەحمەدنژاد، هونەرمەند و گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی مەهاباد هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانی چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی ئەو شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، ئومێد ئەحمەدنژاد، هونەرمەندی تەمەن ٣٥ ساڵی خەڵکی مەهاباد، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر گوندی "قەجی ئاوا"ی مەهاباد لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە ئەو گۆرانیبێژەیان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

هاوکات ڕامیار ئەبووبەکری تەمەن ١٦ ساڵ و سیاوەش سوڵتانی لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە کوردستان لە لایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و ئەگەری زیاتربوونی ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە ئارادایە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە