کرماشان؛ دەستبەسەرکرانی جەواد عەزیزی، لە چالاکانی مافی خانەنشینان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

٢٣ خەرمانان ٢٧٢٤، ٠٠:١١

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٤

جەواد عەزیزی، هاووڵاتیی خانەنشینکراو و لە چالاکانی مافی خانەنشینان لە کرماشان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات گواسترایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، جەواد عەزیزی هاووڵاتیی خانەنشینکراوی دانیشتووی کرماشان و لە چالاکانی مافی خانەنشینان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لەم شارە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات گواسترایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵەکە دەستیان بەسەر کەلوپەلی شەخسی لەوانە مۆبایلی ناوبراودا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە سەپێندراوەکان لە دژی ئەم هاووڵاتییە خانەنشینکراوە و شوێنی ڕاگرتنی لەبەردەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە