ڕاپۆرتێک لەسەر کەشی ئەمنیەتیی بڵواناوا لە دوای دەربڕینی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان/ ئاشکرابوونی ناسنامەی چەندین هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو
هەنگاو؛ دووشەممە ١٢ی خەرمانانی ٢٧٢٤
شەوی ڕابردوو لە دوای سێ ڕۆژ بەردەوامی ناڕەزایەتیی خەڵکی بڵواناوا سەر بە دێولان بە هۆی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری تایبەت بە کانگا و تێکدانی ڕێگاوبانەکانەکان، هێزە ئەمنییەکان و تەکەی تایبەت چەندین هاووڵاتییان دەستبەسەر کردووە.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤) چەندین هاووڵاتی خەڵکی بڵواناوا بە ناوەکانی جەمیل محەممەدی، شادمان محەممەدی مامۆستای فیزیا، فواد محەممەدی ئەندامی شۆرای شار، محەمەد محەمەدی، مەیسەم حاجی مەجید وسەمیر محەممەدی، دوو کەسی دیکەی خەڵکی گوندی سرنجیانە کە هەردوویان ناسننامەیان ‘باقری’ ئاشکرا بووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو،، هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو کە ژمارەیان زیاتر لە ٢٠ کەس بوو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی خەرمانان لە پاسگای ئینتزامی بڵواناوای دێولان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی قوروە گوازراونەتەوە.
هەروەها، زیاتر لە ١٠ کەس لە هاووڵاتییانی ناڕازی لە ناڕەزایەتیی شەوی ڕابردوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، دراونەتە بەر لێدان و بارودۆخی تەندروستی چەندین کەسیان ناجێگیرە.
شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن کە، لە دوای ئەوەی بەڵێنی بەرپرسان هیچ ئاکامێکی نەبووە و ڕێگاوبانەکان بە هۆی هاتووچۆی بارهەڵگرەکانەوە لەناودەچوون، شەوی ڕابردوو بۆ جارێکی دیکە ڕێگەی هاتووچۆی ئەم بارهەڵگرانە لەلایەن خەڵکی بڵواناواوە داخرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسی کانگای مەیموناوا بە ناوی «ساریخانی» و خەڵکی ئیسفەهان، هەڕەشەی لە خەڵک کردووە کە ناوچەی بڵواناوا دەکڕم و ناڕازییەکان چارەڕەش دەکەم.
شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن شەوی ڕابردوو، قوتابخانەی بڵواناوا کراوەتە شوێنی مانەوەی هێزەکانی یەگانی تایبەت و بۆ ماوەیەکی نادیار لەوێ جێگیر کراون.
هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ناڕازییان لە حاڵێکدایە کە دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری تایبەت بە کانگای مەیمووناوا ئاگری تێبەردراوە و بە وتەی خەڵکی بڵواناوا ئەم هەوڵە، هەوڵێکی پلان بۆ داڕێژراو لەلایەن خاوەنی کانگاوە بە مەبەستی ڕەخساندنی هەلی سەرکوتی ناڕازییان بووە.